وتەی سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی

لە ڕوانگەی پرینسیپی (لە پێناو مرۆڤ و پێكهێنانی ژینگەیەكی باشتر و بەشداریكردنی ئەكتیڤانە لە پرۆسەی ژیانسازیدا) گەشتی كاركردنمان دەستی پێكردووە. سەرەتای كاركردنمان بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.

لەگەڵ سەرقاڵبوونم بە پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ، كۆلێژی پەروەردە – بەشی ماتماتیك، گرنگیمان بە بازرگانیكردنی ئاسن ده‌دا،. لەو كاتەوە درێژەمان بە پەرەپێدان و بەرهەمهێنان دا. دەستمان بە وەگەڕخستنی سەرمایە و زیادكردنی هەلی كار کرد بە شداریكردن لە بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابووری بەهێزدا. هەوڵمان داوە بەشێك بین لە پرۆسەی بونیادنانەوەی وڵاتەكەمان، ئەویش بە كردەییكردنی ئەو بیرۆكانەی لە ناخماندا سەریان هەڵدابوو، گەڵاڵەمان كردبوون و پلانمان بۆ داڕشتبوون.

لەژێر ناوی هەڵەبجەدا بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکانمان لە ساڵی 1992 دەست پێ کرد. خۆشبەختانە توانیمان بە هەوڵ و هەرەوەزی كارمەندان‌ و هەموو لایەك هەنگاوی زیاتر بنێین و لە ئه‌نجامدا گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجەمان پێك هێنا، سنوور و بوارەكانی كارمان جگە لە هەرێمی كوردستان، پەلی بۆ عیراق و وڵاتانی دیكە بكێشێت. گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە لە چەندین پرۆژە، كارگە و كۆمپانیا پێك هاتووە، بەرهەمی كاری نەپساوەی ساڵانی ڕابردوومانە، لە ئێستادا یەكێكە لە ناونیشان و هێما بازرگانییەکان و بە یەكێك لە كۆمپانیا پێشەنگەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق هەژمار دەكرێت. هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە جەختمان لەسەر گەشەپێدان و باشتركردن و پێشخستنی سەرجەم ئەو بوارانە كردۆتەوە، كە كۆمپانیا خۆی تێدا بینیوەتەوە. بەدرێژایی مێژووی كاركردنمان، بڕوامان وەها بووە كە كلیلی سەركەوتنی گروپەكەمان بریتییە لە بەدەستهێنانی ئاسودەیی كارمەندانمان، متمانەی خەڵك و بەكاربەرەكانی بەرهەمەكانمان. هەر ئەمەش خاڵی سەرەتا و بنەمای كاركردنمان بووە، بە شێوەیەك ئاست و ناوی گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە بۆتە مۆركی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و فاكتەرێكی سەرەكی بۆ ئەوەی هاوكار و كڕیارەكانمان دڵنیا و گەشبین بن.

دید و تێڕوانینی ئایندەمان ئەوەیە، بە هێز و هزرێكی بازرگانیی مۆدێرن و سیستمێكی هاوچەرخەوە، بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانمان بەردەوام لە هەوڵدا بین،گرنگی بە وەگەڕخستنی زیاتری سەرمایە، پاراستنی ژینگە، بەرزیی ئاستی كوالیتیی كاڵا و بەرهەمەكانمان، ڕەچاوكردنی ڕەوشی ژیانی بەكاربەران و كڕیاران، خستنەكار و هاوردەكردنی تەكنولۆژیای هاوچەرخ و پشتگیریكردن لە توانا و وزە ناوخۆییە بزرەكان بده‌ین. خستنەسەر كاری دەستی كارامە و زیادكردنی هەلی كار بەهۆی پیادەکردنی فەرهەنگی كارەکانمان لە پێشینە و بایەخە سەرەکییەکانمانن. بۆ هەموو ئەم ئامانجانەش، سەرجەم هێز و تواناكانمان دەخەینە خزمەتی هەر بوارێك، كە لە خزمەتی مرۆڤ و نیشتماندا بێت.

ئاسۆ محمد بامۆكی
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێریی

گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە


هاوڕێمان بە لە
هەرێمی کوردستانی عێراق، سلێمانی، بازنەی مەلیك مەحمود، گەڕەكی چوارچرا، تەلاری گروپی هەڵەبجە
[email protected]
0147 331 53 (0) 964+
0203 114 750 (0) 964+